We Believe JesusFé, Esperança e Nova Vida

پەیدابوون 11

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر · ck

← پەیدابوون 10 پەیدابوون پەیدابوون 12 →

1هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو.

2ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار11‏:2 واتا بابل.‏ دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

3ئینجا بە یەکتریان گوت: «وەرن، با خشت دروستبکەین و تەواو سووری بکەینەوە.» ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیریش لە جیاتی قوڕ.

4هەروەها گوتیان: «وەرن، با شارێک بۆ خۆمان دروستبکەین لەگەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین.»

5بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە.

6یەزدان فەرمووی: «ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لەلایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن.

7وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین، بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات.»

8ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیادنانی شارەکە هێنا.

9لەبەر ئەمە ناونرا بابل11‏:9 بابل لە وشەی شێواندن لە زمانی عیبری نزیکە.‏، چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتی کردن.

10ئەمانەش نەوەکانی سامن.

11دوای لەدایکبوونی ئەرپەکشاد، سام پێنج سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

12ئەرپەکشاد لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا بووە باوکی شالەح.

13دوای لەدایکبوونی شالەح، ئەرپەکشاد چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

14شالەح لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی عێبەر.

15دوای لەدایکبوونی عێبەر، شالەح چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

16عێبەر لە تەمەنی سی و چوار ساڵیدا بووە باوکی پەلەگ.

17لەدوای لەدایکبوونی پەلەگ، عێبەر چوار سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

18پەلەگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ڕەعو.

19دوای لەدایکبوونی ڕەعو، پەلەگ دوو سەد و نۆ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

20ڕەعو لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بووە باوکی سەروگ.

21دوای لەدایکبوونی سەروگ، ڕەعو دوو سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

22سەروگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ناحۆر.

23دوای لەدایکبوونی ناحۆر، سەروگ دوو سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

24ناحۆر لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵیدا بووە باوکی تارەح.

25دوای لەدایکبوونی تارەح، ناحۆر سەد و نۆزدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

26تارەح لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا بووە باوکی ئەبرام و ناحۆر و هاران.

27ئەمانەش نەوەکانی تارەحن.

28هاران پێش تارەحی باوکی لە ئووری کلدانییەکان مرد، لەو خاکەی تێیدا لەدایک ببوو.

29ئەبرام و ناحۆر هەردووکیان ژنیان هێنا. ژنەکەی ئەبرام ناوی سارای بوو، ژنەکەی ناحۆریش ناوی میلکەی کچی هاران بوو، کە هاران باوکی میلکە و یەسکە بوو.

30سارای نەزۆک بوو، منداڵی نەبوو.

31تارەح ئەبرامی کوڕی و لوتی کوڕەزای، کە کوڕی هاران بوو، لەگەڵ سارایی بووکی، کە ژنی ئەبرامی کوڕی بوو، برد و پێکەوە لە ئووری کلدانییەکانەوە بەڕێکەوتن تاکو بچنە خاکی کەنعان. بەڵام کاتێک هاتنە حەڕان، لەوێ نیشتەجێ بوون.

32ئینجا تارەح لە تەمەنی دوو سەد و پێنج ساڵیدا لە حەڕان مرد.

← پەیدابوون 10 پەیدابوون پەیدابوون 12 →