1خوشکان و برایانم، زۆرتان مەبنە فێرکار، بزانن لێپرسینەوەی قورسترمان لەگەڵ دەکرێت.
2هەموومان لە زۆر شت هەڵە دەکەین. ئەگەر یەکێک هەیە لە قسەکردندا هەڵە ناکات، ئەوە مرۆڤێکی تەواوە و دەتوانێت جڵەوی هەموو جەستەی بگرێتە دەست.
3ئێمە لغاو دەکەینە دەمی ئەسپ تاکو گوێڕایەڵمان بێت و هەموو لەشی ئاراستە بکەین.
4سەیری کەشتی بکەن، هەرچەندە گەورەیە و بای بەهێز دەیبات، کەچی بە سەوڵێکی بچووک بۆ هەر لایەک کەشتیوان بیەوێت ئاراستەی دەکات.
5بە هەمان شێوە زمانیش ئەندامێکی بچووکە، بەڵام شانازی بە لەخۆباییبوونەوە دەکات. ئاگرێکی بچووک چ دارستانێکی گەورە دەسووتێنێ.
6زمان ئاگرە، جیهانێکە لە خراپە لەنێو ئەندامانی لەشمان. زمان هەموو لەش گڵاو دەکات، ئاگر لە ژیان بەردەدات و خۆی بە گڕی دۆزەخ دادەگیرسێت.
7مرۆڤ دەتوانێت هەموو جۆرە ئاژەڵێکی کێوی و باڵندە و خشۆک و بوونەوەرێکی ئاوی دەستەمۆ بکات و کردووشیەتی،
8بەڵام کەس ناتوانێت زمان دەستەمۆ بکات. خراپەیەکە ناگیرێت، پڕە لە ژەهری کوشندە.
9بە زمان ستایشی یەزدان و خودای باوک دەکەین، هەر بە هەمان زمانیش نەفرەت لەو خەڵکە دەکەین کە لە شێوەی خودا دروستکراون.
10ستایش و نەفرەت لە هەمان دەم دێتە دەرەوە. خوشکان و برایانم، ئەمە پەسەند نییە.
11ئایا لە یەک کانیدا ئاوی سازگار و ئاوی سوێر هەڵدەقوڵێت؟
12خوشکان و برایانم، ئایا دار هەنجیر زەیتوون دەگرێت، یان مێو هەنجیر؟ بەم شێوەیەش کانی سوێر ئاوی سازگار نادات.
13کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟ با بە ڕەوشتی باشی نیشانی بدات، هەروەها بەو کارانەی کە بە بێفیزییەوە ئەنجامی دەدات و لە داناییەوە سەرچاوە دەگرێت.
14بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو، شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن.
15ئەم داناییە لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە، بەڵکو دنیایی و مرۆڤانە و شەیتانییە،
16چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت، گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە.
17بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر و دووڕوو نییە.
18ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.