1عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «مەحاڵە ئەو شتانەی کە خەڵکی تووشی گوناه دەکەن نەیەن، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی دەبێتە هۆی هاتنیان.
2باشترە بۆی ئەگەر بەرداشێک بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە، لەوەی یەکێک لە قوتابییەکانم17:2 یۆنانی: یەکێک لەم بچووکانە. مەبەست لە قوتابییەکانی عیسایە بە گشتی. بڕوانە مەتا 10:42. تووشی گوناه بکات.
3ئاگاداری خۆتان بن.
4ئەگەر لە ڕۆژێکدا حەوت جار هەڵەی بەرامبەرت کرد و حەوت جار گەڕایەوە لات و گوتی: ”تۆبە دەکەم،“ تۆ گەردنی ئازاد بکە.»
5ئینجا نێردراوەکان بە مەسیحی خاوەن شکۆیان گوت: «باوەڕمان زیاد بکە!»
6مەسیحیش فەرمووی: «ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەرتەلەیەکیش باوەڕتان هەبێت، بەم دار تووە دەڵێن: ”هەڵبکەنرێ و لەناو دەریا بڕوێ،“ بە قسەتان دەکات.
7«کامەتان، ئەگەر کۆیلەیەکی هەبێت و خەریکی کاری کێڵگە و لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی بێت، دوای ئەوەی کە لە کێڵگە هاتەوە، پێی دەڵێت: ”یەکسەر وەرە و دانیشە“؟
8ئایا پێی ناڵێت: ”شتێکم بۆ ئامادە بکە بیخۆم، ناوقەدت ببەستە و خزمەتم بکە تاکو دەخۆم و دەخۆمەوە، پاشان تۆ بخۆ و بخۆوە“؟
9ئایا سوپاسی ئەو کۆیلەیە دەکات، لەبەر ئەوەی ئەو شتانەی کرد کە فەرمانی پێ کرابوو؟
10ئێوەش بەم شێوەیە، کاتێک هەموو ئەوەی فەرمانتان پێ دەکرێت دەیکەن، بڵێن: ”کۆیلەی شایستە نین، ئەرکی خۆمان بەجێگەیاندووە.“»
11کاتێک عیسا دەچوو بۆ ئۆرشەلیم، بە نێوانی سامیرە و جەلیلدا ڕۆیشت.
12کاتێک کە چووە یەکێک لە گوندەکان، تووشی دە پیاو بوو کە نەخۆشی گولییان هەبوو. لە دوورەوە ڕاوەستابوون و
13دەنگیان بەرز کردەوە و گوتیان: «ئەی عیسا، ئەی مامۆستا، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»
14جا ئەوانی بینی و پێی فەرموون: «بڕۆن خۆتان نیشانی کاهینان بدەن.» کاتێک دەڕۆیشتن پاکبوونەوە.
15یەکێکیان سەیری کرد پاک بووەتەوە، گەڕایەوە و بە دەنگێکی بەرز ستایشی خودای کرد،
16لەبەرپێی عیسا بەسەر ڕوودا کەوت و سوپاسی کرد. کابرا سامیرەییش بوو.
17عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەرێ دە کەس پاک نەبوونەوە؟ کوا نۆیەکەی دیکە؟
18هیچ کەسێکیان نەبینران بگەڕێنەوە و ستایشی خودا بکەن، ئەم بێگانەیە نەبێت؟»
19ئینجا پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ، باوەڕت ڕزگاری کردیت.»
20کە فەریسییەکان پرسیاریان لێکرد، کەی پاشایەتی خودا دێت، وەڵامی دانەوە: «پاشایەتی خودا بە جۆرێک نایەت کە ببینرێت،
21خەڵکیش ناڵێن: ”ئەمەتا،“ یان ”ئەوەتا،“ چونکە پاشایەتی خودا لە نێوتاندایە.»
22جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕۆژانێک دێت کە تامەزرۆن ڕۆژێک لە ڕۆژانی کوڕی مرۆڤ ببینن، بەڵام نایبینن.
23ئینجا پێتان دەڵێن: ”ئەوەتا لەوێیە،“ یان ”ئەمەتا لێرەیە،“ مەڕۆن و بەدوایدا مەچن،
24چونکە وەک ئەو هەورەتریشقەیەی لە لایەکەوە لەژێر ئاسماندا بروسکە دەدات و هەتا لایەکەی دیکە لەژێر ئاسماندا ڕووناک دەکاتەوە، کوڕی مرۆڤیش لە ڕۆژی خۆیدا بەو شێوەیە دەبێت.
25بەڵام دەبێت یەکەم جار زۆر ئازار بچێژێت و ئەم نەوەیەش ڕەتی بکەنەوە.
26«ڕۆژانی نوح چۆن بوو، لە سەردەمی کوڕی مرۆڤیشدا ئاوا دەبێت.
27دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، تاکو ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، لافاوەکە هات و هەموویانی لەناوبرد.
28«دیسان وەک ئەوەی لە سەردەمی لوت بوو، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، دەیانکڕی و دەیانفرۆشت، دەیانچاند و بنیادیان دەنا.
29بەڵام لەو ڕۆژەی لوت لە سەدۆم هاتە دەرەوە، خودا لە ئاسمانەوە ئاگر و گۆگردی باراند و هەموویانی لەناوبرد.
30«لەو ڕۆژەش کە کوڕی مرۆڤ ئاشکرا دەکرێت، ئاوا دەبێت.
31ئەوەی لەو ڕۆژەدا لە سەربانە و شتەکانی لە ناو ماڵە، با نەیەتە خوارەوە بۆ بردنی. ئەوەی لە کێڵگەشە با نەگەڕێتەوە.
32ژنەکەی لوتتان بەبیر بێتەوە!
33ئەوەی بیەوێ ژیانی خۆی بباتەوە دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی بیدۆڕێنێت دەیباتەوە.
34پێتان دەڵێم: لەو شەوەدا دووان لەناو یەک جێگان، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.
35دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. [
36دووان لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.]»
37لێیان پرسی: «لەکوێ گەورەم؟»