We Believe JesusFé, Esperança e Nova Vida

یۆحەنا 9

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر · ck

← یۆحەنا 8 یۆحەنا یۆحەنا 10 →

1کاتێک کە عیسا بە ڕێگادا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی کە بە زگماک نابینا بوو.

2قوتابییەکانی لێیان پرسی و گوتیان: «ڕابی، کێ گوناهی کردووە، ئەم پیاوە یان دایک و باوکی، وا بە زگماک نابینایە؟»

3عیسا وەڵامی دایەوە: «نە ئەمە گوناهی کردووە نە دایک و باوکیشی، بەڵکو تاکو کارەکانی خودای تێدا دەربکەوێت.

4هەتا ڕۆژە لەسەرمانە کاری ئەوە بکەین کە ناردوومی، چونکە شەو دادێت و کەس ناتوانێت کاری تێدا بکات.

5ئەوەندەی لە جیهاندام، من ڕووناکی جیهانم.»

6ئەمەی فەرموو و تفی لەسەر زەوی کرد، بە تفەکە قوڕی گرتەوە و چاوی پیاوەکەی پێ سواخ دا.

7پێی فەرموو: «بڕۆ لە گۆمی سیلوام خۆت بشۆ،» (سیلوام واتا نێردراو). جا ڕۆیشت، خۆی شوشت و بە چاوی ساغەوە گەڕایەوە ماڵەوە.

8ئینجا دراوسێ و ئەوانەی پێشتر بینیبوویان سواڵ دەکات گوتیان: «ئەمە ئەوە نییە دادەنیشت و سواڵی دەکرد؟»

9هەندێک گوتیان: «خۆیەتی.»

10ئینجا لێیان پرسی: «ئەی چۆن چاوت کرایەوە؟»

11وەڵامی دایەوە: «پیاوێک پێی دەگوترێ عیسا، قوڕی گرتەوە و چاومی سواخ دا، پێی فەرمووم: ”بڕۆ لە گۆمی سیلوام خۆت بشۆ.“ منیش ڕۆیشتم، خۆمم شوشت و پاشان چاوەکانم بینییان.»

12لێیان پرسی: «ئەو لەکوێیە؟»

13جا ئەوەی پێشتر نابینا بوو بردیانە لای فەریسییەکان.

14ئەو ڕۆژەی عیسا قوڕەکەی گرتەوە و چاوی کردەوە شەممە بوو.

15لەبەر ئەوە فەریسییەکان لێیان پرسی کە چۆن چاوی چاک بووەتەوە. پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «قوڕی خستە سەر چاوم، منیش شوشتم و ئێستا دەبینم.»

16هەندێک لە فەریسییەکان گوتیان: «ئەم پیاوە لە خوداوە نییە، چونکە شەممە ناپارێزێت.9‏:16 بەگوێرەی ڕاسپاردەی تەوراتی موسا نابێت لە ڕۆژی شەممە هیچ کارێک بکرێت، جولەکە زۆر بە توندی پەیڕەویان دەکرد. بڕوانە دەرچوون 20‏:8‏-11.‏‏»

17دیسان لە نابیناکەیان پرسی: «تۆ دەربارەی ئەو چی دەڵێی، چونکە چاوی تۆی چاک کردەوە؟»

18ڕابەرانی جولەکەکان باوەڕیان نەکرد کە ئەمە نابینا بووە و ئێستا دەبینێت، هەتا ئەوەی دایک و باوکی پیاوەکەیان بانگکرد.

19لێیان پرسین: «ئایا ئەمە کوڕتانە کە دەڵێن بە زگماک نابینا بووە؟ ئەی ئێستا چۆن دەبینێت؟»

20دایک و باوکی وەڵامیان دایەوە: «دەزانین ئەمە کوڕمانە و بە زگماک نابینا بوو.

21بەڵام نازانین ئێستا چۆن دەبینێت، یان نازانین کێ چاوی چاک کردووەتەوە. لە خۆی بپرسن، ئەو گەورەیە و باسی خۆی دەکات.»

22دایک و باوکی لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەمەیان گوت، چونکە تەگبیریان کردبوو هەرکەسێک دانبنێت کە عیسا مەسیحەکەیە، لە کەنیشت دەریدەکەن.

23لەبەر ئەوە دایک و باوکی گوتیان: «ئەو گەورەیە، لە خۆی بپرسن.»

24دیسان فەریسییەکان ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بانگیان کرد و پێیان گوت: «سوێند بە خودا بخۆ کە ڕاستییەکە بڵێیت! دەزانین ئەم پیاوە گوناهبارە.»

25کابرا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر ئەو گوناهبارە، نازانم، بەڵام یەک شت دەزانم، نابینا بووم و ئێستا دەبینم.»

26لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی لێکردیت؟ چۆن چاوی تۆی کردەوە؟»

27وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن گوێتان لێ نەگرتم. بۆچی دیسان دەتانەوێ ببیستن؟ ئێوەش دەتانەوێ ببنە قوتابی ئەو؟»

28جنێویان پێیدا و گوتیان: «تۆ قوتابی ئەویت! بەڵام ئێمە قوتابی موساین.

29دەزانین خودا قسەی لەگەڵ موسا کرد، بەڵام نازانین ئەمە لەکوێوە هاتووە.»

30کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەمە شتێکی سەیرە! ئەو چاوی کردوومەتەوە، ئێوەش نازانن ئەو لەکوێوە هاتووە.

31ئێمە دەزانین خودا گوێ لە گوناهباران ناگرێت، بەڵام ئەگەر یەکێک لەخواترس بێت و خواستی خودا پەیڕەو بکات، ئەوا گوێی لێ دەگرێت.

32هەرگیز نەبیستراوە یەکێک چاوی مرۆڤێکی بە زگماک نابینای چاک کردبێتەوە.

33ئەگەر ئەم کەسە لە خوداوە نەبێت، نەیدەتوانی هیچ بکات.»

34پێیان گوت: «تۆ بە تەواوی لە گوناه لەدایک بوویت. تۆ فێرمان دەکەیت؟» جا دەریانکردە دەرەوە9‏:34 دەرکردن لە کەنیشت و پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ هەموو جولەکەیەک.‏.

35عیسا بیستی دەریانکردووە، دۆزییەوە و پێی فەرموو: «باوەڕ بە کوڕی مرۆڤ دەکەیت؟»

36کابرا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەو کێیە تاکو باوەڕی پێ بکەم؟»

37عیسا پێی فەرموو: «تۆ ئەوت بینیوە، ئەو هەمان ئەو کەسەیە کە ئێستا قسەت لەگەڵ دەکات.»

38ئەویش گوتی: «گەورەم، باوەڕ دەکەم.» ئینجا کڕنۆشی بۆ برد.

39عیسا فەرمووی: «بۆ حوکمدان هاتوومەتە ئەم جیهانە، تاکو ئەوانەی نابینان ببینن و ئەوانەی دەبینن کوێر بن.»

40هەندێک فەریسی کە لەگەڵی بوون گوێیان لەمە بوو، لێیان پرسی: «ئایا ئێمەش کوێرین؟»

41عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر ئێوە کوێر بوونایە گوناهتان نەدەبوو. بەڵام ئێستا ئێوە دەڵێن: ”دەبینین،“ لەبەر ئەوە گوناهەکەتان دەمێنێتەوە.»

← یۆحەنا 8 یۆحەنا یۆحەنا 10 →