We Believe JesusFé, Esperança e Nova Vida

دەرچوون 1

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر · ck

دەرچوون دەرچوون 2 →

1ئەمانە ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە لەگەڵ یاقوب چوونە میسر، هەریەک لەگەڵ خێزانەکەی:

2ڕەئوبێن، شیمۆن، لێڤی و یەهودا،

3یەساخار، زەبولون و بنیامین،

4دان و نەفتالی،

5هەموو وەچەکانی یاقوب حەفتا1‏:5 لە هەندێک دەستنووسی کۆندا بە ژمارەی حەفتا و پێنج هاتووە. بڕوانە پەیدابوون 46‏:27 و کردار 7‏:14.‏‏ کەس بوون، بێجگە لە یوسف کە لە میسر بوو.

6یوسف و هەموو براکانی و هەموو ئەو نەوەیە مردن،

7بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەردار بوون، زۆر زیاد بوون و زۆر و توانادارتر بوون، خاکەکە پڕ بوو لەوان.

8ئینجا لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.

9بە گەلەکەی گوت: «تەماشا بکەن، نەوەی ئیسرائیل گەلێکن لە ئێمە زۆرتر و بەتواناترن.

10وەرن با دانا بین، نەوەک زۆرتریش ببن، کاتێک بکەوینە جەنگەوە، ئەوان بچنە پاڵ دوژمنەکانمان و لە دژمان بجەنگن و ئەم خاکە بەجێبهێڵن.»

11بۆیە سەرکاری بێگارییان لەسەر دانان، بۆ ئەوەی بە بارگرانییەکەیان زەلیلیان بکەن، ئیتر شارەکانی پیتۆم و ڕەعمسێسیان بۆ ئەمبارکردن بۆ فیرعەون بنیاد نا.

12بەڵام هەرچەندە زەلیلیان دەکردن ئەوەندە گەشەیان دەکرد و بەربڵاو دەبوون، ئیتر لەبەر ئەوە میسرییەکان بەرامبەر بە نەوەی ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت.

13میسرییەکان بە زەبرەوە کۆیلایەتییان بە نەوەی ئیسرائیل دەکرد.

14ژیانیان تاڵ کردن بە کۆیلایەتییەکی سەخت، بە قوڕکاری و خشت دروستکردن و هەموو جۆرە کارێکی کێڵگە، هەموو کارێک کە پێیان دەکردن بە زەبرەوە بوو.

15پاشای میسر بە دوو مامانی ژنە عیبرانییەکانی گوت، کە ناوی یەکێکیان شیفرە و ئەوی دیکەیان پوعە1‏:15 ناوەکانی پوعە و شیفرە تەنها لێرە هەن. ئیتر مەرج نییە عیبری بوو بن، بەڵام یارمەتی ژنە عیبرانییەکانیان دەدا.‏ بوو،

16گوتی: «کاتێک مامانی بۆ ژنە عیبرانییەکان دەکەن لە شوێنی منداڵبوون، تەماشایان بکەن، ئەگەر کوڕ بێت بیکوژن، بەڵام ئەگەر کچ بێت با بژیێت.»

17بەڵام مامانەکان لە خودا ترسان و ئەوەیان نەکرد کە پاشای میسر پێی گوتبوون، هێشتیان کوڕەکان بژین.

18دواتر پاشای میسر مامانەکانی بانگکرد و لێی پرسین: «بۆچی ئەمەتان کردووە؟ بۆ هێشتتان کوڕەکان بژین؟»

19مامانەکانیش وەڵامی فیرعەونیان دایەوە: «لەبەر ئەوەی ژنە عیبرانییەکان وەک ژنە میسرییەکان نین، ئەوان گورجوگۆڵن و پێش گەیشتنی مامان منداڵیان دەبێت.»

20ئیتر خودا لەگەڵ مامانەکان باش بوو، گەلیش زۆر و بە توانا بوون.

21ئەوە بوو کە مامانەکان لە خودا ترسان، خوداش خێزانی پێ بەخشین.

22ئینجا فیرعەون فەرمانی بە هەموو گەلەکەی دا و گوتی: «هەر کوڕێکی عیبرانی کە لە دایک دەبێت، فڕێیبدەنە ناو ڕووباری نیل، بەڵام با هەموو کچەکان بژین.»

دەرچوون دەرچوون 2 →