We Believe JesusFé, Esperança e Nova Vida

دواوتار 6

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر · ck

← دواوتار 5 دواوتار دواوتار 7 →

1ئەمە ئەو فەرمان و فەرز و یاسایانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی دا فێرتانی بکەم، هەتا لەو خاکەدا پەیڕەوی بکەن کە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن،

2هەتا لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو فەرز و فەرمانەکانی بەجێبهێنن کە من بە ئێوە و منداڵ و نەوەکانتان فەرمانیان پێدەدەم هەموو ڕۆژانی ژیانتان، هەتا ڕۆژانتان درێژ بێت.

3جا ئەی ئیسرائیل، گوێ بگرن و ئاگاداربن بە گوێڕایەڵیتان، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و زۆر زۆرتر ببن، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان لەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.

4ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە،

5جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.

6با ئەم ڕاسپاردانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لەسەر دڵتان بێت و

7بۆ منداڵەکانتانی بگێڕنەوە و باسی بکەن کاتێک لە ماڵ دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن،

8وەک نیشانەیەکیش لەسەر دەستتان بیبەستن و با گوڵنگ بێت بە ناوچەوانتانەوە و

9لەسەر چوارچێوەی دەرگای ماڵ و حەوشەکانتان بینووسن.

10کاتێکیش یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنا بۆ ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بتانداتێ، بۆ شاری مەزن و چاک کە ئێوە بنیادتان نەناوە،

11ماڵی پڕ لە خێروبێر کە ئێوە پڕتان نەکردووە، بیری لێدراو کە ئێوە لێتان نەداوە، مێو و زەیتوون کە ئێوە نەتانڕواندووە، کە کاتێک خواردتان تێر بوون،

12جا ئاگاداربن نەوەک یەزدان لەبیر بکەن کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان.

13لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن و تەنها ئەو دەپەرستن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن.

14بەدوای خودای دیکەدا مەڕۆن، لە خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتانن،

15چونکە یەزدانی پەروەردگارتان کە لەنێوتاندایە، خودایەکی ئیرەدارە، نەوەک تووڕەیی یەزدانی پەروەردگارتان بجۆشێت بەسەرتان و لەسەر ڕووی ئەم خاکە لەناوتان ببات.

16یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە وەک لە مەسا تاقیتان کردەوە.

17بە تەواوی فەرمان و یاسا و فەرزەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردوون.

18ئەوەی ڕاستە و باشە لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان بیکەن، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکە چاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد،

19کە هەموو دوژمنانتان لەبەردەم ڕابماڵێت، وەک یەزدان فەرمووی.

20لە داهاتوودا، کاتێک منداڵەکانتان لێیان پرسین و گوتیان: «ئەو یاسا و فەرز و حوکمانە چین کە یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردن؟»

21بە منداڵەکانتان دەڵێن: «لە میسر کۆیلەی فیرعەون بووین و یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە میسرەوە دەریهێناین و

22یەزدان لەبەرچاومان نیشانە و پەرجووی مەزن و سامناکی بەسەر میسر و فیرعەون و هەموو ماڵەکەی نارد و

23لەوێوە دەریهێناین هەتا بمانهێنێت و ئەو خاکەمان بداتێ کە بۆ باوباپیرانمان سوێندی خواردبوو.

24جا یەزدان فەرمانی پێ کردین هەموو ئەو فەرزانە بەجێبهێنین و لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین، هەتا هەموو ڕۆژان چاکەمان بێتە ڕێ و بمانهێڵێتەوە وەک ئەمڕۆ،

25ڕاستودروستیشمان بۆ دەبێت ئەگەر هەموو ئەو فەرمانانەمان پاراست هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان بیکەین، هەروەک فەرمانی پێ کردین.»

← دواوتار 5 دواوتار دواوتار 7 →