We Believe JesusFé, Esperança e Nova Vida

دواوتار 26

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر · ck

← دواوتار 25 دواوتار دواوتار 27 →

1کاتێک هاتنە ناو ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات پێتانی دەدات و دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون،

2ئەوا هەرکەسێک یەکەمین بەرهەمی هەموو بەروبوومی زەوییەکە کە دەستی دەکەوێت لە خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات دەیکاتە ناو سەبەتەیەک و دەچێتە ئەو شوێنەی کە یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت.

3ئینجا دێتە لای ئەو کاهینەی کە لەو کاتەدایە و پێی دەڵێت: «ئەمڕۆ بە یەزدانی پەروەردگارت ڕادەگەیەنم کە من چوومە ناو ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانمان خوارد کە پێمانی بدات.»

4جا کاهینەکەش سەبەتەکە لە دەستی وەردەگرێت و لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتان دایدەنێت،

5ئینجا کەسەکە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارتان ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت: «باوکم ئارامییەکی گەڕۆک بوو، چوو بۆ میسر و لەوێ ئاوارە بوو، چەند کەسێکی کەم بوون، جا لەوێ بوو بە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز و زۆر.

6ئینجا میسرییەکان خراپەیان دەرهەق کردین و ئازاریان داین و کۆیلایەتییەکی سەختیان بەسەرماندا سەپاند.

7ئیتر کاتێک هاوارمان بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانمان کرد، یەزدان گوێی لە دەنگمان بوو و ناخۆشی و ماندووبوونی و چەوساندنەوەی ئێمەی بینی.

8جا یەزدان بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و ترسی مەزن و نیشانە و پەرجووەوە لە میسر دەریهێناین،

9ئێمەی هێنایە ناو ئەم شوێنە و ئەم خاکەی پێداین، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.

10ئێستاش ئەی یەزدان، ئەوەتا یەکەمین بەرهەمی ئەو زەوییەم هێناوە کە تۆ بە منت داوە.» ئینجا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دایدەنێت و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان کڕنۆش دەبات و

11بە هەموو ئەو خێروبێرە دڵخۆش دەبن کە یەزدانی پەروەردگارتان بە خۆتان و ماڵەکەتانی داوە، ئێوە و لێڤییەکان و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان.

12کاتێک لە دەرهێنانی دەیەکی هەموو داهاتەکەتان تەواو بوون لە ساڵی سێیەم کە ساڵی دەیەکە، داتانە لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنان، لە شارۆچکەکانتاندا خواردیان و تێر بوون،

13لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دەڵێن: «بەشی تەرخانکراوی خودام لە ماڵەکەم دەرهێنا و هەروەها بە لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنم دا، بەگوێرەی هەموو فەرمانەکەت کە فەرمانت پێکردم، لە فەرمانەکانت دەرنەچووم و لە یادم نەکرد.

14لە ماتەمداریمدا لە بەشە تەرخانکراوەکەم نەخوارد و لە گڵاویمدا لێم نەبرد و هیچم لێی نەداوە بۆ مردوو، بەڵکو گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارم بووم و بەگوێرەی هەموو ئەوەم کرد کە فەرمانت پێکردم.

15لە نشینگەی پیرۆزی خۆتەوە، لە ئاسمانەوە بڕوانە و گەلی خۆت ئیسرائیل و ئەو خاکە بەرەکەتدار بکە کە بە ئێمەت داوە، وەک سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.»

16ئەمڕۆ یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن کە کار بەم فەرز و یاسایانە بکەن، جا پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە بەجێی بهێنن و پەیڕەوی بکەن،

17ئەمڕۆ ڕاتانگەیاند بۆ یەزدان کە ببێت بە خوداتان و ڕێگاکانی ئەو بگرنەبەر و فەرز و فەرمانەکان و یاساکانی بەجێبهێنن و گوێڕایەڵی دەنگی ببن،

18یەزدانیش ئەمڕۆ ڕایگەیاند، کە ئێوە گەلی ئەون، گەنجینەیەکی تایبەتی ئەو، وەک بەڵێنی پێدان و هەموو فەرمانەکانی بپارێزن.

19لە سەرووی هەموو ئەو نەتەوانەی دروستی کردوون داتان دەنێت، لە ستایش و ناوبانگ و ڕێزدا، ببنە گەلێکی پیرۆز بۆ یەزدانی پەروەردگارتان وەک بەڵێنی دا.

← دواوتار 25 دواوتار دواوتار 27 →